بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەرمەنەكانی هەرێمی كوردستان، چوونە پاڵ حزبەكانی تری ئەنجومەنی سیاسیی هاوپەیمانیی حەمورابی و لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێی سیاسیی بە ناوی (هاوپەیمانیی مەسیحی)، ڕێككەوتن كە نوێنەرایەتیی تەواوی هاووڵاتییانی ئەرمەن، سریان، ئاشووری و كلدان بكەن.
ئەمڕۆ شەمەمە 11ـی ئایار، ئانۆ جەوهەر سەرۆكی هاوپەیمانیی حەمورابی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ئێوارەی هەینی 10ی ئایار، لە بارەگای پێوەندیی كلدانییەكانی جیهان لە عەنكاوە، ئەنجومەنی سیاسیی هاوپەیمانییەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەرمەنەكان لە لیژنەی ئیداریی پێكهاتەی ئەرمەنی ئۆرتۆدۆكس و كۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ئەرمەنەكان كۆبووەوە. وتیشی: هاوپەیمانییەكە پێكهاتووە لە پارتی ئەنجومەنی نەتەوەیی كلدانی، پارتی بزووتنەوەی كۆمەڵەی سریان و پێوەندیی كلدانییەكانی جیهان، پارتی یەكێتیی دیموكراتی كلدانی، ڕەوتی شلاما بۆ كاروباری كریستانەكان.
باسی لەوەش كردووە، لەو كۆبوونەوەیەدا پێشوازییان لە برا ئەرمەنەكانیان كردووە كە چوونەتە پاڵ هاوپەیمانیی حەمورابی و دوای گفتوگۆكردن، ڕێككەوتوون هاوپەیمانییەكی یەكگرتووی سیاسیی بە ناسنامەیەكی نەتەوەیی كۆمەڵگەی كریستیانەكان بە ناوی (هاوپەیمانیی مەسیحی) دابمەزرێنن.
بەگوتەی ئانۆ، هاوپەیمانیی مەسیحی یەكگرتوویی ناوماڵی كریستیانەكان دەبێت، بۆ كاری هاوبەشی سیاسی و بەرگریكردن لە مافی تەواوی مەسیحییەكان كە لە هەناوی هاوپەیمانێتی حەمورابییەوە سەرچاوەی گرتووە، نوێنەرایەتیی ئەرمەن، سریان و ئاشووری و كلدانییەكان دەكات.
Your Comment